حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادارەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ شەممە یادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادارە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو تێدا هاتووە، پەنجا و سێ ساڵ لەمەوبەر حکومەتی عێراق ناچارکرا کە بە هۆی بەرگری و خۆراگری خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول، ئەو ڕێککەوتنە واژۆ بکات و دان بە هەندێک لە داخوازییەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات کە ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970، دەسکەوتێکی گرنگی گەلی کوردستانە و بەڵگەنامەیەکی مێژووییە، لە سەر سەرکەوتنی خواستی خەڵکی کوردستان و پەیامە ئاشتیخوازانەکەی، کە هەمیشە ویستویەتی لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆ و ڕێگەچارەی ئاشتیانە، کێشەکان چارەسەر بكرێن.
ناوبراو رایگەیاند، حکومەتی ئەوکاتی عێراق، لە بەڵێن و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ سەرکردایەتی کوردستان پاشگەز بووەوە و دەستی بە هێرش و پەلاماردانی کوردستان کردەوە و سەرەنجام بە هۆی سیاسەتی شەڕانگێزانەی ڕژێمی عێراقەوە، هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، ڕووبەڕووی شەڕ و وێرانکاری و کارەساتی گەورە بوونەوە، کە تا ئێستاش خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە دەست ئەم تاوانانەوە دەناڵێنن و قەرەبووش نەکراونەتەوە.
لەکۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لەم یادەدا، هەڵوێستی خۆمان لە داکۆکیکردن و دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانمان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستوور، دووپات دەکەینەوە.