هەولێر – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ شهممه بەڕێورەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری ژنەشەهید “خەجەباوە” و دیواربەندی شەهیدانی راپەڕین، 13هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێری پایتەخت دەستیپێکرد و بۆ ماوهی نۆ رۆژ بهردهوام دهبێت.
ساڵانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەم مانگەدا و بەدیاریكراوی لە 11ی ئادار، رۆژی رزگارکردنی شاری هەولێر ویادی رێککەوتنی یازدەی ئازار، فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەستپێدەكات، ئەو فیستیڤاڵە دەیان چالاكی جۆرا و جۆری هونەری لە خۆدەگرێت وەكو هەڵپەركێ، شانۆ، مۆسیقا، پێشانگا و ماراسۆن و چەندین چالاكی جۆراوجۆری تر.
دوێنێ پارێزگای ههولێر له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، رۆژی شەممە بەڕێورەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری شەهید “خەجەباوە” و دیواربەندی شەهیدانی ڕاپەڕین، 13هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێری پایتەخت دەستپێدەكات و ئێوارەی 20ی ئاداریش بە هەڵكردنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لە پارکی شانەدەر كۆتایی بە فیستیڤاڵەكە دێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر، لە دەسپێکی رێورەسمەکەدا رایگەیاند: “خەجەباوە” ئەو ژنەی کە بووە سومبولی ئازایەتی ژنی کورد و یەکەم تەلیسمی راپەڕینی کوردستان، لە شاری هەولێری پایتەخت و راپەڕینی ئەو شارەدا یەکەم ژنە کە روبەڕووی رژیمی بەعس بێتەوە، ئەمە جگە لەوەی خاوەنی چوار برای شەهیدەیشە.
رۆژی 11ی ئازار راپهڕینی به پشتیوانی هێزی پێشمهرگه گەیشتە هەولێر و خەڵکی شارەکە دژی دەسەڵاتی بەعس لە ماڵەکانیان چونە دەرەوە و لە ماوەیەکی کەمدا دەستیان بەسەر بارەگاکانی بەعسدا گرت.