هاوکارییە نوێیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باب ئەلهەوا بۆ باکوری رۆژئاوای سوریا پەڕینەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ڕۆژی پێنجشەممە، کاروانێکی نوێی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا لە باکوری ئیدلیبەوە هاتە ژوورەوە، ئەمەش دەبێتە دووەم کاروانی هاوکاری لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، کاروانێک کە لە 41 بارهەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهاتووە چووەتە ناو ئەو ناوچانەی کە لەلایەن تەحریر شامەوە لە ئیدلیب کۆنترۆڵکرابوون.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کاروانەکە بەسەر ڕێکخراوە هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکوری رۆژئاوای سوریا بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشکراوە که بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ڕێکخراوی WFP  21 بارهەڵگری وەرگرتووە کە 504 تۆن ئاردی تێدابوو، ڕێکخراوی شەفەک شەش بارهەڵگری وەرگرت کە 900 سەبەتەی ناخۆراکی تێدابوون.

هەروەها ڕێکخراوی وەتەن شەش بارهەڵگر و ڕێکخراوی IYD شەش بارهەڵگری وەرگرتووە.

ژمارەی بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە گەیشتونەنە باکوری رۆژئاوای سوریا، لە ڕۆژی چوارەمی بوومەلەرزەکەوە تا دوێنێ چوارشەممە، گەیشتە 561 بارهەڵگر.

زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان، حاڵەتی گەندەڵی و دزییان ئاشکرا کردووە کە کاریگەرییان لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان هەبووە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تا ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوە: فازل محەمەد