بۆردومانی دوولایەنە لە ناوچەکانی ئاگربەستی سوریا بەردەوامن

ئیدلیب – نۆرس پرێس

درەنگانێکی شەوی دوێنێ، ناوچەکانی ئاگربەست لە گوندەوارەکانی حەمات، حەڵەب و ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریا، نوێبوونەوەی تۆپبارانی هدوولایەنەی نێوان گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا و هێزەکانی حکومەتی سوریایان لە میحوەرە جیاوازەکاندا بەخۆوەبینی.

سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، هێزەکانی حکومەت لە پێگەکانی خۆیانەوە، بە دەیان تۆپ و مووشەک گوند و شارۆچکەکانی (کفری نوران، تەقاد، رێهاب، کفر تەعل و کفر عەمما)یان لە گوندەواری رۆژئاوای حەڵەب کردە ئامانج.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، تۆپبارانەکە شوێنەکانی دیکەی گوند و شارۆچکەکانی (ئەلفاتیرە و کفر عاوید و سوفوهین و کەنەسفەرە) یان لە چیای زاوییە، لە باشووری ئیدلب و چواردەوری شارۆچکەکانی (مەعارەت ئەلنەعسان و ئافەس)، لە رۆژهەڵاتی ئیدلب،  کردووەتە ئامانج.

جگە لەوەش، سەرچاوە سەربازییەکان لە بەرەی ‘جەبهەی وەتەنی’ بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی “فەتحولموبین” بە تۆپ و مووشەکی قورس، پێگەکانی هێزەکانی حکومەتیان لە شارۆچکەی “کفروما” لە باشووری ئیدلب، هەروەها گوندی ئەلعەقیمەیان لە رۆژئاوای حەمات و فەوجی 46 لە رۆژئاوای حەڵەب، کردە ئامانج.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ