گەشتنی سێهەم کاروانی هاوکارییەنێودەوڵەتییەکان لەم هەفتەیەدا بۆ باکووری رۆژئاوای سوریا

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، کاروانێکی نوێی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لە دەروازەی باب ئەلهەوای سنووریی لەگەڵ تورکیاوە، لە باکووری ئیدلب، گەشتە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریا، ئەمەش سێیەم کاروانە لەم هەفتەیەدا بۆ ئەو ناوچانە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کاروانێکی یارمەتییە مرۆییەکان کە پێکهاتبوو لە 27 بارهەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکان، گەشتونەتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن دەستەی تەحریرشامەوە (بەرەی نوسرەی پێشتر) لە ئیدلب کۆنتڕۆڵکرابوون، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوکارییانەدا دێت کە بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە گەیشتوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، کاروانەکە بەسەر رێکخراوە هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە باکووری رۆژئاوای سوریا دابەشکراوە، کە 24 بارهەڵگریان رادەستی رێکخراوی “WFP”، کەوا 346.6 تۆن ئارد و 173 تۆن رۆنی رووەکی تێدایە، هەروەها 3 بارهەڵگری دیکە رادەستی رێکخراوی “پزیشکانی بێسنوور” کراوە کە 21 تۆن دەرمانی مرۆیی تێدایە.

سێشەممەی رابردووش کاروانێکی یارمەتییەمرۆییەکان کە پێکهاتبوو لە 20 بارهەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەوای سنووریی لەگەڵ تورکیادا، لە باکووری ئیدلب، گەشتنە هەمان ئەو ناوچانە.

هاوکات شەممەی رابردووش، کاروانێکی هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێگەی هەمان دەروازەوە گەشتە باکووری رۆژئاوای سوریا، کە دووەم کاروانە لە ماوەی 24 کاتژمێردا نێردرابێت.

ژمارەی ئەو بارهەڵگرە فریاگوزاریانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە رێگەی دەروازەی ناوبراوەوە، لە چوارەمین رۆژی بوومەلەرزەکەوە تا دوێنێ گەیشتوونەتە باکووری رۆژئاوای سووریا، 520 بارهەڵگرن، کە سەرجەمیان رادەستی رێکخراوە هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کراون.

ئامادەکردنی: موئەیەد الشێخ – داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ