هەولێر– نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، 15یەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کرایەوە، پێشانگاکە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب، نمایشکراون.
پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاند، پێشانگاکە لە یەکەم رۆژیدا پڕ بوو لە خوێنەران، کە بەدوای کتێبی دڵخوازیاندا دەگەڕان، بەهۆی زۆری کتێبە بمایشکراوەکانیشەوە، زیاتر لە رۆژێك پێویستە تا بە دڵی خۆت بەنێو کتێبەکاندا بگەڕێیت.
لەم پێشانگا دەگمەنەدا، 18 وڵات، بە 350 کتێبخانە و ناوەندی بڵاوکردنەوە و وەشاندنەوە بەشدارن، وڵاتە جیاجیاکان پەرتووکە ئۆرجیناڵەکانیان لە پێشانگاکە نمایش کردووە و کڕیاری زۆریان هەیە.
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگانە دواخرابوو، بەڵام ئەمساڵ لە 15یەمین خولیدا جارێکی دیکە کرایەوە و وابڕیارە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بێت و 43 دەزگای وەشاندن لە هەرێمی کوردستانەوە تێیدا بەشدارن.
دوێنێ لە پێشانگاکە لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانیەوە، بە ئامادەبوونی جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان و فایهق زێدان، سهرۆكی ئهنجوومهنی دادوهری عێراقی فیدراڵ و ئەیاد عەلاوی و فەخری كەریم، سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ راگەیاندن، رۆشنبیری و ھونەر و ژمارەیەک لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و پەرلەمانتاران، 15مین پێشگانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی لە شاری هەولێر کرایەوە.
ئەمڕۆ دووهەم رۆژی پێشانگاکەیە و بەهەمانشێوە خوێنەرێکی زۆر ئامادەییان هەیە.
ئەمساڵ 350 ناوەندی چاپ و کتێبخانە لە 18 وڵات بەشداریان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کردووە.