هەولێر – نۆرس پرێس
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پاراستنی ئافرەتان و مافەکانیان سوورە و ئەو تاوانبارانەی کە تووندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان و خێزان دەکەن، ڕووبەڕووی دادگاکان دەکرێنەوە و بەپێی یاسا سزا دەدرێن؛ تەنیا لە ساڵی 2022 دا، نزیکەی 16 هەزار کەیسی تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە زۆربەیان بە ئاشتەوایی کۆتاییان هاتووە، ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە 3 هەزار تۆمەتباریش دەستگیرکراون.
فێنک شەفیق، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند، کە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پاراستنی هەموو ئافرەتێك كە تووندوتیژی بەرانبەر دەكرێت و سكاڵایان دەبێت، بە ڕێکارە یاساییەکان هەڵدەستن، جا كەیسەكان چ تایبەت بن بە ئافرەت یان ئەندامانی خێزان تاوەکو پلەی چوارەم، بەپێی ماددەی 8ی ساڵی 2011 كاری لەسەر دەكرێت و ڕێكارە یاساییەكان دەگیرێنە بەر، پاشان دەبردرێتە بەردەمی دادوەر. هەر پەیوەندییەک بۆ 119 کرابێت، توانیومانە بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم و دادگا، ڕووبەڕوو بەرەو پیرییەوە بچین، 7 بەڕێوبەرایەتی و 26 نوسینگە لەسەر هێڵن
فێنک شەفیق، گوتیشی: دوای گەشەسەندنی بەڕێوبەرایەتییەكەمان، ئێستا 7 بەڕێوبەرایەتیمان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان هەیە و 26 نوسینگە لە قەزایەكان و 5 هۆبە لە ناحیەكان هەن؛ ئەمە وای كردووە زیاتر دەنگی ئەو خەڵكانە بگاتە ئێمە کە تووندوتیژییان بەرانبەر دەكرێت. هاوکات ئێمە بەشی ڕاوێژكاریی خێزانی و بەشی هۆبەی ئاشتەوایی و بەشی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانمان هەن. لەبواری یاسایی و كۆمەڵایەتی و دەروونی شەڵتەرمان بۆ پاراستنی ئەو ئافرەتانەی كە تووندوتیژیان بەرانبەر دەكرێت هەیە، چونکە ئێمە بەڕێوەبەرایەتییەكی كۆمەڵایەتین.
لەبارەی كەمكردنەوەی رێژەی تووندوتیژی و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە ئاماژەی بەوە دا کە لەم كابینەیەدا زیاتر پشتیوانی ئافرەتان بووین، چونكە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەتەنیا نییە، بەڵكوو بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی خانمان و وەزارەتی کاروبارى کۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ئەوقاف و خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری و پەروەردە بەڕێوەدەچێت. لە لایەکی دیکەوە بە یەك دەست لەگەڵ ڕێكخراوە جەماوەرییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و جیهانییەكان بەیەكەوە كار دەكەین، لە نموونەى بەرئەنجامی ئەو هەوڵانەش لەم کابینەیەدا قەدەغەکردنی سیمکارتی نایاسایی و تووندترکردنی قەدەغەکردنی چەکداری لێ کەوتووەتەوە، ئەوەش لە پێناو کەمکردنەوەى تووندوتیژییەکان بووە.
لەبارەى بڵاوکردنەوەى هۆشیاری لەپێناو کەمکردنەوەى تووندوتیژییەکانیش، گوتی: بەردەوامین لە ئەنجامدانی سیمینارەكان لە ناو قوتابخانە و زانكۆكان، لەو ناوەندانەدا هۆشیارى مرۆیی و ئاینی و زانستی لەبارەى بەرەنگاربوونەوەى تووندوتیژی بڵاودەکەینەوە و قوتابییان هۆشیار دەکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە هۆشیاری جۆراوجۆر بەپێی ناوەند و تەمەنی جیاواز لە دامودەزگاکاندا بە قوتابیان دەدرێت.