داعش کوژرانی ئەندامێکی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، رێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی” (داعش) لە رێگەی بەیاننامەیەکەوە کە لە ناسێنەرە نزیکەکانیدا بڵاوی کردەوە، رایگەیاند کە یەکێک لە ئەندامەکانی لە پێکدادانێکدا بە چەکی ئۆتۆماتیکی لەگەڵ کاروانێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە 13 ئەم مانگەدا، لە شارۆچکەی ئەلزار، 35 کم لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، ڕۆژهەڵاتی سوریا، کوژراوە.

ڕۆژنامەی “ئەلنەبە” ی ئەلیکترۆنی ڕایگەیاند کە پێکدادان لە نێوان ئەندامانی ڕێکخراوەکە و کاروانێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕوویداوە، دوای گەڕانەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە تیرۆرکردنی ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە شارۆچکەی زیبان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو رۆژەدا کاروانێکی سەربازی هێزەکانی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەڵکوتایە سەر شوێنێک کە ئەندامانی رێکخراوەکە تێیدا خۆیان حەشاردابوو، شەڕ و پێکدادان روویدا و بە کوژرانی “حوسێن عەلی ئەلدەباس ئەبو عەبدوڵا” کە یەکێکە لە ئەندامانی رێکخراوەکە کۆتایی هات.

لە سێزدەی تەمموزدا هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرانی ئەندامێکی داعش و دەستگیرکردنی دوو ئەندامی دیکەیان لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە شارۆچکەی ئەلزار لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان –  داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ