فڕۆکەوانی سوری زیانەکانی بۆردوومانەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەڵەب راگەیاند

حەڵەب – نۆرس پرێس

باسم مەنسور، بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی مەدەنی سوریا رایگەیاند، بۆردومانەکەی ئیسرائیل زیاتر زیانی بە تاکە فڕگەی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە.

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئەلوەتەنی نیمچە فەرمی، ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕگەکەی دیکە هێشتا لە قۆناغی دروستکردندایە. گوتیشی، سکاڵایان دژ بە ئیسرائیل ئاراستەی رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نێودەوڵەتی (ICAO) کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کادیرە تەکنیکییە تایبەتمەندەکان بە درێژایی کات دەستیان بە کارەکانی چاککردنەوە کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە فڕۆکەخانەکە “لە ماوەی چەند رۆژێکدا” دەکەوێتەوە کار.

بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردومانکرا، بەو هۆیەشەوە فڕۆکەخانەکە لەخزمەت دەرچوو، وەزارەتی دەرەوەی سوریاش سەرکۆنەی بۆردومانەکەی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد “رێوشوێنی راستەقینە” بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە.

لە کاتێکدا ماڵپەڕی “ئەلما”ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە کە بۆردومانەکە جموجوڵێکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی سەربازی نەیرەب و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب، کردۆتە ئامانج.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش