بە هۆی بۆردومانێکی سەرچاوە نادیارەوە لە دێرەزوور کوژراو و بریندار کەوتەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەی جەنگی نەناسراو باڵەخانەی کلینیکە هەمەچەشنەکانی گروپەکانی لایەنگری ئێرانیان کردە ئامانج لە گەڕەکی حەمیدییە لە ناوەندی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، بۆردوومانەکە بووە هۆی کوژرانی 7 کەس و زیاتر لە 10 کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزە حکومییەکان لە دێرەزوور رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییە نەناسراوەکان، بە دوو موشەک، بینای کلینیکە هەمەچەشنەکان کردوەتە ئامانج، کە لە لایەن گروپەکانی لایەنگری ئێرانەوە لە گەڕەکی حەمیدییە لە دێرەزوور سەرپەرشتی دەکرێن.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: بەهۆی بە ئامانجگرتنەکەوە، 3 ئەندامی گروپەکانی لایەنگری ئێران وەک دەرئەنجامی سەرەتایی گیانیان لەدەست داوە و 4ی دیکەش کە ناسنامەکانیان پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا سەربازین یان سڤیل و زیاتر لە 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەو سەرچاوەیە پێیوابوو هۆکاری بۆردومانەکە بوونی بارهەڵگرێکی گەورە بوو کە کەرەستەی لۆجستیکی بۆ گروپەکانی سەر بە ئێران هەڵگرتبوو، کە لە شەوی سێشەممەوە، لە بەردەم ناوەندی کلینیکە هەمەچەشنەکان راگیرابوو و لەلایەن ئەندامانی گروپەکانی لایەنگری ئێرانەوە پاسەوانی دەکرا.

بەرەبەیانی دوێنێ، سێشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب تووشی بۆردومانی ئیسرائیل بووەوە، ئەمەش وایکرد لە خزمەتگوزاری دەربچێت و ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکانیش رایانگەیاند، بۆردومانەکە جموجوڵێکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەکەدا کردۆتە ئامانج.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان