ئیسرائیل دژ بە کردەوە سەربازیەکانی تورکیایە لە سوریا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئیسرائیل رایگەیاندووە کە دژ بە هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیایە لە ناو خاکی سوریادا، ئەویش لەبەر مەترسی پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئێران و لاواز بوونی دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی ئەمڕۆ چوارشەممە بە پێگەی “ئەکسیوس” یان راگەیاندووە، ئیال هۆلاتا، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بە هاوتا ئەمریکییەکەی، جاک سولیڤانی راگەیاندووە، “هەر دەستدرێژییەکی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا زیانێکی زۆر بە کوردەکان دەگەیەنێت و لەوانەیە لە درێژخایەندا سوود بە ئێران بگەیەنێت”.

دوای هەڕەشەکانی تورکیا بۆ لەشکرکێشییەکی نوێ بۆ سەر رۆژاڤا، هێزەکانی سوریای دیموکرات رێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی خاڵە سنوورییەکانی سوپای سوریا، بە وتەی ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

بە گوێرەی ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە، ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا ببێتە هۆی پەرەسەندنی نفوزی ئێران لەسەر حیسابی هێزەکانی سووریای دیموکرات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: قەیس عەبدوڵا