لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، برۆکسل سزای سەپاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، یەکێتی ئەوروپا لە سەروبەندی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، لە شەش وڵاتدا سزای سەپاند کە ئەوانیش لە وڵاتانی  ئەفغانستان، ڕوسیا، باشوری سودان، بۆرما، ئێران و سوریا، پێکهاتبوون، چونکە پێیان وایە کە تێوەگلابوون لە تاوانەکانی توندوتیژی سێکسی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان.

سزاکان بەسەر نۆ کەس و سێ ئۆرگانی بەرپرسیار لە توندوتیژی سێکسی و پێشێلکردنی مافەکانی ژناندا سەپێنران، لەو لیستەدا دوو بەرپرسیاری تاڵیبانیش هەبوون چونکە ئەوانیش بەرپرسیار بوون لە پێشێلکردنی بەرفراوانی مافی خوێندنی ژنان لە ئەڤغانستاندا.

یەکێتی ئەوروپا، دوو لە بەرپرسیارانی پۆلیسی موسکۆی بەهۆی پێشێلکردنی مافی ژنان و دوو بەرپرسی تری باڵای سەربازی روسیاشی خستە هەمان لیستەوە چونکه پێیان وابووە کە ئەوانیش تۆمەتبارن بە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی ژنان، ئەو بەرپرسانە لە مانگەکانی ئازار و نیسانی ساڵی ڕابردوودا لە ئۆکرانیا دەستیان لە توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی سێکسیدا هەبووە.

هەروەها سزاکانی ئەوروپا دوو سەرۆکی کوتلەی لایەنگری حکومەتیشی لە باشوری سودان گرتەوە، بەو پێیەی که تۆمەتبارکرابوون بە بەکارهێنانی  توندوتیژی سێکسی بەشێوەیەکی سیستەماتیک.

هەروەها بڕیارەکە توی وی لدورە جێگری وەزیری ناوخۆی بۆرمایشی گرتەوە بەهۆی ڕۆڵەکەیەوە، چونکە پێشتر بەرپرسیار بووە لە بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لەو وڵاتەدا، کە لەوێدا توندوتیژی سێکسی سیستماتیک ئەنجامدراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە : فازل محەمەد