یونسێف: زیانلێکەوتنی زیاتر لە 3.7 ملیۆن منداڵی سوری بەهۆی بومەلەرزەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، زیاتر لە سێ ملیۆن و 700 هەزار منداڵ لە سەرانسەری سوریا بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە.

یونیسێف لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، “سوریا زۆرترین ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی لە جیهاندا هەیە، کە 6.8 ملیۆن کەسن، لەو ژمارەیەش نزیکەی 3 ملیۆنیان منداڵن، هەروەها زیاتر لە 3.7 ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری سوریادا بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە”.

ئەفشان خان، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست دەڵێت: “ئەو خێزانانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە ناچاربوون لە ماڵەکانیان دەربچن، چوار هەفتەی رابردوویان بە ململانێ بۆ مانەوە لەژیاندا بەسەر بردووە، لەکاتێکدا لەرینەوەکانی پاش بوومەلەرزەکان بەردەوامن، بارودۆخی ژیانی ئەوانیش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە “.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یونیسێف پێویستی بە 172.7 ملیۆن دۆلارە بۆ ئەوەی دەستبەجێی بتوانێت ژیانی 5.4  ملیۆن کەس (لەناویاندا 2.6 ملیۆن منداڵ) رزگار بکات، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی سوریاوە زیانیان بەرکەوتووە.

لە لێدوانێکی دیکەی هەمان راپۆرتدا، ئادێل خزر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا رایگەیاند، “لە نزیکبوونەوەماندا لە 12 ساڵ لە ململانێ، ملیۆنان خێزان لە لێواری کارەساتدا دەژین و دەبێت پاڵپشتی و هاوکاری ئەم خێزانانە بکرێن، بۆ ماوەیەکی درێژخایەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، یونیسێف توانیویەتی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ئاو و پاکوخاوێنی بگەێنێتە نزیکەی نیو ملیۆن کەس، لەوانە لەڕێگەی بارهەڵگر و تانکی ئاوەوە، پاککردنەوەی عەمبارەکانی ئاوەڕۆ، هەروەها دابینکردنی پێداویستییەکانی پاکوخاوێنی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 294 هەزار کەس، لەنێویاندا ئەوانەی پەنایان بۆ پەناگە کاتییەکان بردووە، لەڕێگەی ناوەندە تەندروستییەکان و تیمە تەندروستییە گەڕۆکەکانەوە کە لەلایەن یونیسێفەوە پاڵپشتی دەکرێن، پێداویستییە سەرەتاییەکان و راوێژکاری پزیشکییان پێگەیشتووە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە پشتگیری زیاتر لە 130 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ، کراوە، بە خزمەتگوزارییەکانی خۆراک لە هەموو ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازچی