حکومەتی دیمەشق ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوکاریەکان بۆ حەلەب دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، کە حکومەتی سوریا و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیا ڕێگرییان لە کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان کردووە کە زیاتر لە 100 بارهەڵگر لەخۆدەگرێت، و بۆ دوو ناوچەی حەلەب دەگوازرانەوە، ئەو ناوچانەی کە مانگی رابردوو تووشی بومەلەرزە هاتبوون.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، هاوکارییەکان لە خۆراک، پێداویستی پزیشکی، خێمە و سووتەمەنی پێکهاتبوون و لەلایەن بەرێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە دابینکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “حکومەتی سوریا ڕێگری لە 100 بارهەڵگری خۆراک و پێداویستی پزیشکی و خێمەی کردووە کە بچنە ئەو ناوچانەی شاری حەلەب کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن”.
ئایە مەجزوب، جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا رایگەیاند، ئەم رێگریە سیاسیانەی بەردەم ئەو هاوکاریانەی کە زۆر پێویستن کاردانەوەی کارەساتباریان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگریە گەورەکە بە تایبەتی بۆ تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری هەبووە، چونکە پێویستیان بە سووتەمەنی هەیە تا کار بەو ئامیرانە بکرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەموو ئەو لایەنانەی ململانێیان هەیە دەبێت دڵنیابن کە خەڵکی مەدەنی “بەبێ دانانی هیچ سنورێک دەستیان بە یارمەتییەکان بگات”.
بەرێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، کاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزە لە عەفرین و گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب ناردووە.
ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سەر بە تورکیا ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی سی بارهەڵگر کرد کە سووتەمەنی و یارمەتی فریاگوزارییان بۆ ناوچەی عەفرین هەڵگرتبوو، ئەو ناوچەیە لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە.
حکومەتی سوریا ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب دەکات، کە لەلایەن بەرێوبەرایەتی خۆسەرەوە بەڕێوەدەبرێن.
ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی کاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان بووە هۆکاری گیان لەدەستدانی دەیان کەس، لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە سوریای گرتەوە و زیاتر لە 11 هەزار کەس بوونە قوربانی و برینداربوون، ئەمە بەپێی بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس.