هەولێر – نۆرس پرێس
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان راپۆرتی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە، لە رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ مانگی شوباتی پێشوو خستەڕوو، بە گوێرەی ئەو راپۆرتە لە مانگی پێشووی ئەمسداڵدا، 13 کەس لە سێدارەدراون و 16 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی و 82 کەسیش دەستبەسەرکراون، لەو ژمارەیەش 12یان سزای زیندانیکردنی بەسەرداسەپێنراوە.
بە پێی ئامارەکە، پێنچ مێردمنداڵ لە ناو دەستگیرکراوەکاندان، لە کۆی چوار ژنی دەستبەسەرکراو سێ ژن سزای زیندانیان بەسەرداسەپێندراوە.
دەربارەی ئامارەکانی خۆکوژی لە مانگی شوباتدا راپۆرتەکە دەڵێ:” رێژەی خۆکوژی هاوڵاتیان روو لە هەڵکشانە، لەم مانگەدا 2 ژن کوژاون و زیاتر لە 3 ژن خۆیان کوشتووە و 5 پیاو خۆکوژیان كردووە.”
هەروەها دەربارەی قوربانیانی مین، لە راپۆرتەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە کە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە 3 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کە رێکخراوێکە گرنگی بە ئامار و بەبەڵگەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەدات لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن رژێمی ئێرانەوە، لە سەرەتای راپۆرتەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە بە هۆی رێگرییەکانی حکومەتی ئێرانەوە بەرامبەر بە رێکخراو و گرووپی مافە مرۆییەکان، راپۆرتەکەیان تۆکمە و تەواو نییە و تەنیا بەشێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان خستوەتەڕوو.