تورکیا 2 هاوڵاتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کۆبانێ دەکاتە ئامانج و برینداریان دەکات

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ڕۆژی شەممە بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، ئەمەش لە دوای ئەوەی کە تورکیا گوندەکانی کولتب و بەغدیک لە گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی ڕایگەیاند، سێ گولە هاوەن لە ناوچەکانی نێوان گوندەکانی کولتب و بەغدیک لە رۆژهەڵاتی کۆبانێ کەوتنەخوارەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی شاری کۆبانێ گواستراونەتەوە.

ڕۆژی 16ی مانگی شوباتی ڕابردوو، موسا مستەفای تەمەن 16 ساڵان کاتێک سەرقاڵی بڕینی دارەکانی کێڵگەی باوکی دەبێت لە گوندی بۆبان لە گوندەوارەکانی ڕۆژئاوای کۆبانێ لەئەنجامی تەقەی جەندرمەکانی تورکیا برینداربوو.

ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2022، کچێکی تەمەن 10 ساڵان بەناوی مەجدار ئەوسی، بە گولەی سەربازانی تورکیا برینداربوو، برینداربوونی ئەو کچە بەهۆی ئەو هێرشەی سەربازانی تورکیاوە دەبێت کاتێک گەڕەکی ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ لە تەنیشت سنووری سوریا و تورکیایان کردە ئامانج.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا داڕشتنەوە : ئەحمەد عوسمان