لە دوو ڕووداوی جیاوازدا… پیاوێک و ژنێک لە حەسەکە کوژران

حەسەکە – نۆرس پرێس

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا ژن و پیاوێک لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای كوردستان کوژران.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، هێزە ئەمنییەکان ته‌رمی ژنێکیان بە ناوی “نەجاح ئیسحاق”ی (تەمەن 60 ساڵ) ‌ دۆزیوەتەوە، دوێنێ هەینی لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی قه‌زات كه‌ ناوچه‌ی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقه‌ لە شاری حەسەکە.

محەمەد سەعید شەلاش، پزیشکی دادوەری بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە حکومەتی ڕاگەیاندووە، “تاوانەکە 24 کاتژمێر پێش بەرواری دۆزینەوەی قوربانییەکە ڕوویداوە”، ئاماژەی بەوەشکردووە ” وادیاره‌ قوربانییه‌كه‌ بە ئامێرێکی تیژ کوژراوە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا، دوێنێ هەینی، له‌سه‌ر بازرگانی سوته‌مه‌نی ناکۆکی له‌نێوان دوو ئامۆزا ڕویدا له‌ گوندی ڕەشیدییە لە گونده‌واری شەدادی باشووری حەسەکە، به‌هۆیه‌وه‌ كه‌سێك كوژرا.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، شەڕەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی حەمید ئه‌لرۆزان، کە گوله‌یه‌كی به‌ر سه‌ری كه‌وت و گیانی له‌ده‌ستدا.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر – داڕشتنه‌وه‌ی: دڵسۆز یوسف