زۆربەیان خەڵکی كۆبانێن.. ١٦ کۆچبەری سوری لە کەناراوەکانی لیبیا خنكان

کۆبانی – نۆرس پرێس

شەوی پێنجشەممە/هەینی، 16 کۆچبەری سوری، لە کەناراوەکانی لیبیا له‌كاتی په‌ڕێنه‌وه‌یان بۆ ئیتاڵیا خنكان.

دوێنێ هەینی بەلەمێک کە نزیکەی ٢٥ کۆچبەری تێدابوو و زۆربەیان خەڵکی سوریا بوون، لە کەناراوەکانی شاری ته‌بره‌قی لیبیا له‌كاتی په‌ڕێنه‌وه‌یان بۆ وڵاتانی ئەوروپا نوقوم بوون.

گەنجێکی خەڵکی کۆبانی كه‌ ئێستا له‌ لیبیا نیشته‌چێیه‌، ڕایگەیاند، 10 کەسی خەڵکی کۆبانی کە شەشیان لە یه‌ك خێزان بوون و سێ کەسی خەڵکی عەفرین و 3 سووری دیکە، لەناو بەلەمەکەدا گیانیان خنكان.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ڕاشیگه‌یاند، ئەو کۆچبەرانە به ‌به‌ڵه‌مێكی بچووكه‌وه‌ هه‌وڵیانده‌دا بچنه‌ ناو به‌ڵه‌مێكی گه‌وره‌تر كه‌ بۆ ئیتاڵیا ده‌ڕۆیشت، خنکاون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی سەرنشینانی بەلەمە وەرگەڕاوەکە ٢٤ سەرنشین بوو، شەش کەسیان ڕزگارکراون، تا ئێستا چارەنووسی ئەوانی دیکە دیار نیه‌.

بەلەمەی کۆچبەرەکان لە ناوچەیەکی کەنار دەریا ناسراو بە “که‌مپۆت”ی سەر بە شاری “ته‌بره‌ق”ی لیبیا، بەڕێکەوتبوو.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا 18 کەس لە كه‌ناره‌كانی وه‌راهن لە جەزائیر گیانیان لەدەستدا، كه‌ به‌ره‌و ئەوروپا  ده‌ڕۆیشتن و زۆرینەی ئەوانەی گیانیان لەدەستدا خەڵکی “کۆبانی”ی ڕۆژئاوای كوردستان بوون.

ڕۆژی 9ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، تەرمی 9 هاووڵاتی سووری کە لە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی جەزائیر گیانیان لەدەستدابوو، گه‌یشتنه‌وه‌ شارەکانی کۆبانی و منبج.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان