فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا: لە مانگی ڕابردوودا ٤٨ ئۆپەراسیۆن لە دژی “داعش” لە عێراق و سوریا ئەنجامدراوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ هەینی، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند لە ماوەی مانگی شوباتدا ٤٨ ئۆپەراسیۆنی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیەندراوه‌كه‌دا هاتووە، “لە ماوەی مانگی شوباتدا، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و سەرجەم هێزە هاوبەشەکان 48 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئەنجامداوە، کە لە ئەنجامدا 22 ئەندام کوژراون و 25 ئه‌ندامی دیكه‌ ده‌ستگیركراون.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە عێراق 33 ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدراوە، کە لە ئەنجامدا 17 ئەندامی داعش کوژراون و 14 ئه‌ندامیش دەستگیرکراون، لە سوریاش 15 ئۆپەراسیۆن ئەنجامداوە، 5 ئەندامی ڕێکخراوەکە کوژراون و 11 كه‌سیش ده‌ستگیركراون.

هەر لە هەمان چوارچێوەدا فەرماندەیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە چوار سەرباز و سەگێکی به‌شداربوو لەو ئۆپەراسیۆنانەدا بریندار بوونه‌، و هیچ سه‌ربازێكی هاوپه‌یمانان و هێزه‌ به‌شداربووه‌كان له‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دەڵێت: ئێمە سەرنجمان لەسەر دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعشە، هەروەها بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ شەڕی داعش له‌ هەردوو وڵات.

کۆرێلا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان ستایشی لێهاتوویی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و “هەسەدە” دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕی “داعش” بەردەوامە، توانای داعشیش زۆر کەمبووەتەوە.

ڕاشیگه‌یاند “هێشتا ئایدۆلۆژیای داعش کۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌ و و داعش ته‌نها هه‌ره‌شه‌ نیه‌ بۆ عێراق و سوریا به‌ڵكوو هه‌ره‌شه‌یه‌ بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌”.

له‌ سەرەتای مانگی شوباتی ڕابردوودا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند، ٤٣ ئۆپەراسیۆنی دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازجی