لە هاتای سەگێک دوای 23 رۆژ مانەوەی لەژێر داروپەردودا رزگارکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

سەگێک  دوای 23 رۆژ مانەوەی لە ژێر داروپەردووی ئاسەواری دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی تورکیا و سوریا لە مانگی رابردوودا، دوێنێ لە هاتایی تورکیا رزگارکرا.

سەگێکی جۆری هاسکی – کە ناوی ئەلێکسە – لە ژێر کۆنکرێت و پاشماوەی بیناسازی لەلایەن تیمەکانی رزگارکردنەوە، دۆزرایەوە، کاتێک سەرقاڵی دابینکردنی شوێنێک بوون وەک پەناگەیەکی کاتی بۆ ڕزگاربووانی بوومەلەرزەکە.

تیمەکە گوێیان لە هاوار و دەنگی بەهێزی سەگێک بوو لە ژێر داروپەردوودا، دوای کاتژمێر و نیوێک، سەگە بەختەوەرکەیان دەرهێنا و لەگەڵ خاوەنەکەی کە لە شوێنی رووداوەکە بوو، بەیەک شادبوونەوە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی رزگارکردنەکەدا دەرکەوتووە کە تیمەکان لە ژێر پاشماوەی باڵەخانەکەدا، سەگەکە بە ناوی خۆیەوە بانگ دەکەن پێش ئەوەی خاوەنی هاسکیەکە سەگەکەی لەباوەش بگرێت.

ئەلێکس لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا تووشی شۆک بووە و لاواز دەرکەوت، دوای ئەوەی خواردن و ئاوی پێدرا بە هۆش خۆیدا هاتەوە.

پارێزگای هاتای کە ئەلێکسی تێدا رزگارکرا، یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین وێرانکارییان بەسەردا هاتووە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە 6ی شوباتدا بەشێک لە باشووری تورکیا و باکووری سوریای لەرزاند.

زیاتر لە 50 هەزار کەس لە سەرانسەری تورکیا و سوریادا بەهۆی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی هەردوو وڵاتیان گرتەوە، گیانیانلەدەستداوە و ملیۆنان کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون.