وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا لە نیودەلهی کۆبوونەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی جی20 لە هیندستان و لە بۆ جاری یەکەم لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا لە شوباتی 2022ەوە،  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن  و هاوتا رووسیەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ، کۆبوونەوە.

وەزیرانی دەرەوەی گروپی جی20 لە نیودەلهی لە هیندستان کۆتاییان بە کۆبوونەوەکەیان هێنا بە وەستانەوەیان لە دژی جەنگ لە ئۆکرانیا، بەڵام بەیاننامەیەکی هاوبەش لەلایەن ئەو گروپەوە دەرنەکرا؛ رووسیا و چین دژ بە دەرکردنی راگەینراوێک بوون کە سەرکۆنەی جەنگەکە بکەن.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ دەیەیەکە لە نزمترین ئاستیایەتی، کەشێکی گرژ لە نێوان دوو زلهێزە گەورەکەدا هاتووەتە ئاراوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاند کە بلینکن لە کاتی کۆبوونەوە کورتەکەدا، سێ بابەتی دیاری بۆ لاڤرۆڤ روونکردەوەتەوە؛ یەکەمیان، هەرچی رووبدات، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا.

لە خاڵی دووەمدا جەختی لەسەر پێویستی گەڕانەوەی رووسیا کردەوە بۆ پەیماننامەی ئەتۆمی “نیو ستارت”، لە کاتێکدا ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا، لەم دواییانەدا کشانەوەی خۆی لەو بابەتە راگەیاندبوو.

سەبارەت بە خاڵی سێهەم کە بلینکن خستییەڕوو، پێویستە دەسەڵاتدارانی رووسیا هاوڵاتی ئەمریکی “پاوڵ ویلان” ئازاد بکەن.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا روونیکردەوە، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای لایەنی ئەمریکی بووە، کە دەریدەخات واشنتۆن حەز دەکات کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ رووسەکاندا بهێڵێتەوە، سەرەڕای ناکۆکییەکی زۆر لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا.

سەرۆکوەزیرانی هیندستان نارێندرا مودی، لە وتارێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، گرژییە جیۆستراتیژییەکانی ئێستا لە کارنامەی گفتوگۆدا ئامادەن، بەڵام هیواداربوو کە لە هەمان کاتدا دیپلۆماتکاران سەرنجیان لەسەر قەیرانەکانی تری جیهان بێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فازیل محەمەد