32 تۆن هاوکاری مرۆیی بە دوو فڕۆکەی ئیمارات و سربیا گەشتنە دیمەشق

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، دوو فڕۆکەی هاوکاری مرۆیی لە سربیا و ئیماراتەوە گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، کە هاوکاریان بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی سوریا هێنابوو.

فڕۆکەکەی سربیا حەوت تۆن ئامێری پزیشکی و دەرمان و کەرەستەی فریاگوزاری و ئەوەی ئیماراتیش 25 تۆن خۆراک و ئاوی کانزایی، هەڵگرتبوو.

مارکۆ مۆیاچیڤیچ، کارمەند لە باڵیۆزخانەی سربیا لە دیمەشق، گوتی: “ئەمە یەکەم گوژمەی یارمەتییەکانە لەلایەن حکومەتی سربیاوە نێردرابێت”.

ئاژانسی فەرمی (سانا)ی نزیک لە حکومەتی سوریا رایگەیاند، مۆیاچیڤیچ ئاماژەی بەوەشكردووە، کە وڵاتەکەی دەیەوێت 240 تۆن یارمەتی بە گوژمەی جیاجیا بنێرێت بۆ سوریا.

روونی كردوەتەوە، ئەو یارمەتیانە ئامێری پزیشكی و دەرمان لەخۆدەگرێت كە بەرامبەر بە 1.3 ملیۆن یۆرۆیە و خۆراكی بە بەهای 878 هەزار یۆرۆ تێدایە.

کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی سربیا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاوکاریانە لە داهاتوودا بە هاوکاری لەگەڵ خاچی سوری سربی و یونیسێف دەنێردرێت.

سەرەڕای هاتنی سەدان فڕۆکە لە هاوکارییەکان بۆ سوریا دوای بوومەلەرزەکە، گومانی گەندەڵی لە میکانیزمەکانی دابەشکردنیان دەکرێت، دوای ئەوەی چالاکوانان وێنە و دیمەنەکانیان بڵاوکردەوە کە هاوکارییە مرۆییەکان لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێنەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فازیل محەمەد