گیانلەدەستدان لە رووداوی شەمەندەفەرەکەی یۆنان بۆ 43 کەس بەرزبوەووە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئاماری گیانلەدەستدانی رووداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەی یۆنان بۆ 43 کەس بەرزدەبێتەوە، وەک ناڕەزایی بەرامبەر “کەمتەرخەمی” لێپرسراوانی یۆنانیش، خۆپیشاندان لەچەند شارێکی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
رۆژی چوارشەممە، لە شاری لاریسای یۆنان شەمەندنەفەرێکی بارھەڵگر و شەمەندنەفەرێکی گواستنەوە کە 350 سەرنشینیان تێدابوو، پێکیاندادا و بەھۆیەوە 43 کەس گیانیانلەدەستدا و زیاتر لە 80 کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە بەھۆی دەرچوونی سێ فارگۆنی شەمەندنەفەرێکیانەوە بوو لە رێڕەوەکەی، میدیاکانی یۆنانیش رووداوەکەیان بە خراپترین رووداوی پێکدادانی شەمەندنەفەر لە وڵاتەکەیان ناوبرد.
ھەرچەندە دوای روداوەکە کۆستاس کارامانلیس وەزیری گواستنەوەی یۆنان دەستیلەکارکێشایەوە و حکومەتیش رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی ورد لە روداوەکە دەکەن و سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە، بەڵام ئەوە خەمی خانەوادەی قوربانیان و خەڵکی یۆنانی نەڕاوەندەوە و لە شاری لاریسا و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، یەکێتی کرێکارانی ھێڵی ئاسنی یۆنانیش رایگەیاند، چەند ساڵێکە سیستمی پاراستنی تۆڕی گواستنەوەی وڵاتەکەیان کێشەی ھەیە و پێشتریش لەوبارەیەوە ھۆشداریان داوەتە لێپرسراوانی وڵاتەکەیان.