راوێژکاری ئەسەد: بەهۆی بومەلەرزەکانەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی گەڕایەوە بەڵام ئەمریکا دەیبچڕێنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەسینە شەعبان، راوێژکاری تایبەتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە پەیوەندییەکانی دیمەشقی لەگەڵ دەوروبەرە عەرەبییەکەی گەڕاندەوە و چەند وڵاتێک “هاتبوون بۆ هاوکاریکردن”، بەڵام هێزەکانی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە هەوڵی پچڕاندنی ئەو پەیوەندییانە دەدەن لە رێگەی بڵاوەپێکردنیان لە باشووری سوریا لەسەر سنوورەکانی ئوردن و عێراق.

شەعبان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “رووسیا تودەی”، ئێوارەی دوێنێ، چوارشەممە، رایگەیاند، سەرۆکی سوریا “هێشتا باوەڕی بە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی یەکێتی چارەنووسی گەلانی عەرەبی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەنگاوێکی ئەرێنی عەرەبی” بەرەو سوریا هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە دیمەشق کراوەیە بەڕووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی عەرەبیدا، “وەک چۆن سوریا لەڕووی مێژووییەوە دڵی لێدانی عەرەبییەت بووە”، بەپێی گوتەکەی.

راوێژکاری سەرۆککۆماری سوریا، هێزەکانی ئەمریکای بە “نایاسایی” ناساند و بە “تاڵانکردن و دزینی” نەوت و گەنمی سوریا تۆمەتباری کردن، هەروەها تۆمەتباری کردن بە “دەستوەردان لە هێزەکانیان و هێزە ئاسمانییەکانیان، بۆ پاراستنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و پاراستنی پاشماوەکانی لە ناوچەی تەنەف”.

شەعبان وتی، “لە کارە لەپێشینەکانی بوونی ئەمریکا لەو ناوچەیە، بریتییە لە رێگریکردن لە پەیوەندی نێوان وڵاتە عەرەبییەکان بە بچڕاندنی سنوورەکانی نێوان سوریا و عێراق و ئوردن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوەدانکردنەوە دوای کارەساتی بوومەلەرزەکە بەهۆی قەبارەی وێرانکارییەکە و ئەو دەیان هەزار کەسەی کە زیانیان بەرکەوتووە، قورستر بووە، بەڵام “ئاسانتر دەبێت ئەگەر عەرەب و دۆستەکان بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێوشوێنانەی کە ئەمریکییەکان بۆیان دادەنێن و پشتیوانیکردن لە سوریا”، بە گوێرەی وتەکانی ئەو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش