ئاگرکەوتنەوەیەک لە کارگەیەکی تەنەر لە قامیشلۆ برینداری لێدەکەوێتەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاگر لە کارگەیەکی تەنەر لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان کەوتەوە و بووە هۆی برینداربوونی چەند کرێکارێک.
عەدنان حسێن، بەڕێوەبەری کارگەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، پێش ئەوەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەشی پڕکردنەوەی کارگەکە بە تەواوی سووتاوە.
عەدنان هۆکاری ئاگرەکەی گەڕاندەوە بۆ “فڕێدانی جگەرە لە نزیک سوتەمەنییەکان”.
بە گوتەی ئەو، بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوە لە کارگەکەیان، کە دەکەوێتە گەڕەکی جیرکین لە رۆژئاوای قامیشلۆ، سێ کرێکار تووشی سووتانێکی کەم بوون.
ئەوە دووەمین ئاگرکەوتنەوەیە لە قامیشلۆ لە کارگەکانی تەنەردا، لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، کە ئاگرێک لە کارگەیەکی دیکەی ناوچەی پیشەسازی شارەکە لە 18ی کانوونی دووهەمی ساڵی رابردوودا کەوتەوە.