خۆسەری: بەرگەگرتنی بومەلەرزە مەرجی پێشوەختەی بونیاتنانی باڵەخانەی نوێیە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، هاجەر عەبدولفەتاح، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پلاندانان و گەشەپێدان و ئامار لە بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بڕیارێکیان داوە بۆ پێکهێنانی پۆلێنکردنێک بۆ باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون کە بەرگەی بوومەلەرزە دەگرن، ئەمەش وەک مەرجی پێشوەختە بۆ بونیاتنانی باڵەخانەی نوێ.
دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە شەشەمی ئەم مانگەدا سوریای گرتەوە و زیانێکی زۆری گیانی وزیانی زۆری بە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی گەیاند، فەرمانگەی پلاندانان دەستپێکردنی پشکنینی باڵەخانە زیانلێکەوتووەکانی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاند.
عەبدولفەتاح لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەکانیان نزیکەی 90 قوتابخانەی زیانپێکەوتوویان تۆمار کردووه، هاوکات ژمارەی باڵەخانە زیانلێکەوتووەکانیش 650 باڵەخانەیان تێپەڕاندووە، هەروەها پشکنینەکان تا ئێستا بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “رێژەی زۆری زیانگەشتن بە باڵەخانەکان دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی هەڕەمەکی و پابەندنەبوون بە تایبەتمەندییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانەوە.”
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پلاندانان و ئامار وتی، “چارەسەرەکە بەوشێوەیە کە لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی زەوی و شیکاری خاک ئەنجامبدرێت، ئەرکی کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانە بە دابینکردنی ستافی تایبەتمەند و پیشەیی لە دروستکردنی هەر باڵەخانەیەکی نوێدا”.
عەبدولفەتاح وردەکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و دەسەڵاتدارانی پەیڕەوکردنی ئاشکرا نەکردووە، لەکاتێکدا تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرەوە لەسەر ئەو بابەتە دەرنەچووە.
هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی سوریا، سەدان ماڵ و باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە درزیان تێکەوتوون، ئەمەش ترسی لای دانیشتوان دروستکردووە لە ئەگەری داڕمانیان.