دوای بۆردومانەکەی زاخۆ تورکیا ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانی شوێنێکی لە باشووری رێگای نێودەوڵەتی “M4” کرد، کە 33 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان سووریا و تورکیاوە دوورە، ئەوەش دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە بۆردومانکردنی هاوینەهەواری گەشتیاری لە باشووری کوردستان.

 سەرچاوەیەکی مەیدانی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی گوندی قەرانیان بۆردومان کردووە، کە بە زاراوەی ناوخۆیی بە قیرە ناسراوە، دەکەوێتە باشووری ڕێگای نێودەوڵەتی M4 وە لە رۆژئاوای کوردستان.

 ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە زیانی گیانی و ماددی ئەو بۆردمانەی نەداوە.

 دوێنێ چوارشەممە، لە بۆردومانێکی تورکیادا کە هاوینەهەواری گەشتیاری پەرخ نزیک بە شاری زاخۆی کردە ئامانج، نۆ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا ونزیکەی 30 کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان گەشتیارن و لە باشووری عێراقەوە هاتبوون.

 لە بەرامبەردا ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بە توندترین شێوە ئیدانەی “كۆمەڵكوژییە قێزەونە” دەكات، هاوخەمی خۆی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیان و هاوسۆزی لەگەڵ گەل و سەركردایەتی عێراق دەكات.

 بەر لە چەند کاتژمێرێک، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوسۆزی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانیانی بۆردومانەکەی دوێنێی تورکیا بۆ سەر هاوینەهەوارەکە لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

 بۆردومانەکە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ئیدانە کرا، لەنێویاندا بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، جگە لە دەرکردنی نوسراوێکی هەشت خاڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دیارترین خاڵیان پێشکەشکردنی سکاڵایەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و داواکردنی دوورخستنەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق.

 ئامادەکردن و داڕشتن: هۆشەنگ حەسەن