درۆنێکی تورکی دوو ئەندامی هەسەدە لە کۆبانی دەکاتە ئامانج

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممەی ، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرایکرد، دوو ئەندامی هێزەکانیان گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا کردوونیەتە ئامانج، لە کۆبانی رۆژئاوای کوردستان.

 ناوەندی  لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاویان کردەوە، ڕایگەیاندووە، ئەو دوو کەسە شەوی ڕابردوو، چوارشەممە، بە ئۆتۆمبێلەکەیان بەڕێکەوتن بۆ سەردانی خێزانێک، کاتێک لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج.

 دوای ئەم ڕووداوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا تا ئێستاش بێ وەستان بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە، بەپێی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە.

 بەئامانجگرتنی تورکیا رۆژێک دوای کۆبوونەوەی لوتکەی تاران دێت کە سەرانی دەوڵەتی روسیا، تورکیا و ئێرانی کۆکردەوە بۆ گفتوگۆکردن  لەسەر هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی باکوری سوریا.

 بەڵام تورکیا نەیتوانی گڵۆپی سەوز لە ئێران و ڕووسیا وەربگرێت بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکەی لەو ناوچانە دەستپێبکات کە سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی وتارەکەیدا لە لوتکەکەدا دەستنیشانی کردووە، کە بریتین لە تەل رەفعەت و مەنبیج لە باکووری سووریا.