یابان بە بڕی 16 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا دەنێرێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، هیرۆکازو ماتسونۆ، سکرتێری گشتی حکومەتی یابان رایگەیاند، وڵاتەکەی 16 ملیۆن دۆلار هاوکاری بەپەلە بۆ تورکیا و سوریا بەبێ بەرامبەر دەنێرێت، بەمەش کۆی گشتی ئەو هاوکارییانەی تا ئێستا ناردویەتی دەگاتە 27 ملیۆن دۆلار.
ئەو بەرپرسە یابانییە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تۆکیۆ رایگەیاند، “یابان تووشی چەندین کارەساتی سروشتی گەورە بوو، لەوانە بوومەلەرزە گەورەکەی رۆژهەڵاتی یابان، بۆیە حکومەتی وڵاتەکە دەستبەجێ دوای ئەو بوومەلەرزەیەی تورکیا و سوریای گرتەوە بڕیاریدا هاوکاری رەوانە بکات”.
ئەو بەرپرسە بە پێویستی زانی زۆرترین بڕی هاوکاری پێشکەش بکرێت، “بڕیارماندا بڕی 16 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری بۆ ئەو کەسانە بنێرین کە زیانیان بەرکەوتووە لە هەردوو وڵات، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی حکومەتدا بڕیار لەسەر ناوەڕۆکی ئەو هاوکارییانە درا”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەڕێگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی یابانەوە، بڕی 4 ملیۆن دۆلاری دیکە وەک هاوکاری بۆ هەردوو وڵات دەنێردرێت”.
گوتیشی، کۆی بەهای ئەو هاوکارییانەی یابان لەدوای بوومەلەرزەکە تا ئێستا پێشکەشی تورکیا و سوریا کراون، گەشتوون بە 27 ملیۆن دۆلار.
لە 6ی شوباتدا دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.6 و 7.7 بە جیاوازی نۆ کاتژمێر لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا روویاندا، ئەو بوومەلەرزانە لە 11 پارێزگای تورکیا و سوریاش و لە وڵاتانی دراوسێش هەستیان پێکراوە، بەپێی دوایین داتاکان، ئەم کارەساتە سروشتییە بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار و برینداربوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس.