هەوڵەکان بۆ ئەندامییه‌تی سوید و فینلەند لە ناتۆ

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنی پێنجشەممە، ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاشکرایکرد، سەبارەت بە پرسی ئەندامییەتی سوید لە ناتۆدا، لە دانیشتنە چەقبەستوەکاندا لەگەڵ تورکیا، پێشکەوتن بەدی دەکرێت.

سکرتێری ناتۆ بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتوە: ”لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تورکیا، فینلاند و سوید لە ناوەڕاستی مانگی سێدا لە بارەگای ناتۆ کۆببنەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی لەم بابەتەدا ڕووبەڕوومان دەبنەوە”

ستۆڵتنبێرگ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بۆ رۆیتەرز گوتی: ” پێشکەوتن دەبینم. ئامانجم ئەوەیە هەردوو وڵاتی فینلاند و سوید تا کاتی لوتکەی ناتۆ ئەندامێتی تەوایان هەبێت.” .

دانوستانەکانی نێوان فینلاند، سوید و تورکیا لە مانگی یەکەوە وەستاوە، پاش ئەوەی لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکۆڵم ”راسموس پالودان”، سیاسەتمەداریکی توندڕەوی راسترەو قورئانی پیرۆزی سوتاند.

دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ڕابردوو، سوید و فینلاند کە هەردووکیان سنووری ئاوییان لەگەڵ رووسیادا هەیە، بڕیاریان دا بۆ پاراستنی خۆیان پەیوەست بە ناتۆوە بن.