کوژرانی وەبەرهێنەرێکی بیرەنەوتییەکان لە باکووری دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، وەبەرهێنەرێکی بیرەنەوتییەکان لە شارۆچکەیەکی باکووری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەکی خۆجێی لە شارۆچکەی ئەلحورەیجی سەر بە قەزای ئەلسوور لە باکووری دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان کە بە سواری ماتۆڕسکیلەوە بوون بە فیشەک گەنجەکەیان کردە ئامانج کە ناوی “یوسف ئەلیاسین”ە و وەبەرهێنەری بیرەنەوتییەکانە لە نزیک “بادیە ئەلحەریجی” لە گوندەواری باکووری دێرەزوور.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، دوای بە ئامانجگرتنی ئەلیاسین و کوشتنی، هێرشبەرەکان هەڵهاتوون.

ئەلیاسین خەڵکی شارۆچکەی “تەیب ئەلفال”ە لە گوندەواری باکوری دێرەزوورە، زیاتر لە دوو ساڵە لەوەبەرهێنانی نەوتدا کاردەکات.

ئەو سەرچاوەیە پێیوابوو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەپشت پرۆسەی بەئامانجگرتنەکەوە بن، چونکە پێشتر چەندین هەڕەشەی لەلایەن رێکخراوەکەوە پێگەیشتبوو بەهۆی رەتکردنەوەی دانی “زەکات”.

دوو رۆژیش لەمەوبەر چەکدارەکانی رێکخراوەکە بە دۆشکە ماڵی ئەحمەد ئەلزاهیر، وەبەرهێنەر لە بیرەنەوتییەکانیان کردە ئامانج، بەهۆی رەتکردنەوەی دانی زەکات بە داعش لە شارۆچکەی “تل دامان”ی سەر بە قەزای ئەلسوور لە گوندەواری باکووری دێرەزوور.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی