نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ روسیا: دەستبەجێ لە ئۆکرانیا بکشێنەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
لە یەکەمین ساڵیادی هێرشی روسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە بڕیارنامەیەکدا كه زۆرینهیان پهسهندیان كرد داوای کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی روسیای لە ئۆکرانیا دهكهن، هاوكات داوای ئاشتەواییەکی “دادپەروەرانە و بەردەوام” دهكهن لە ناوچەکە.
لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان، بڕیارنامەی ناپابەندکەر بۆ کشانەوەی روسیا، پاڵپشتی 141 وڵاتی وەرگرتوە، دژی ناڕەزایەتی حەوت وڵات كه پێكهاتون له (روسیا، بیلاڕوسیا، سوریا، کۆریای باکور، مالی، نیکاراگوا و ئێریتریا)، لەکاتێکدا 32 وڵات کە لەنێویاندا چین و هیندستان، خۆیان بەدور گرت لە دەنگدان.
لە رۆژی چوارشەممەوە نوێنەری دەیان وڵات بە نۆرە لە نەتەوە یەکگرتوەکان وتارەکانی پشتیوانی لە ئۆکرانیا پێشکەش دەکەن، هاوکات کیێڤ داوای لە ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە لە نێوان “چاک و خراپ”دا یەکێکیان هەڵبژێرن.
بڕیارنامەکە کە رۆژی پێنجشەممە پەسەندکرا، پابەندبون بە “یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا” دوپات دەکاتەوە و داوا لە روسیا دەکات “دەستبەجێ و بە تەواوی و بێ مەرج هەمو هێزە سەربازییەکانی لە خاکی ئۆکرانیا لە چوارچێوەی سنورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی وڵاتەکەدا بکشێنێتەوە”، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو زەویانەی کە روسیا خۆی لکاندنی به وڵاتهكهیهوه راگەیاندوە.
هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمەلایەنە و دادپەروەرانە و بەردەوام لە ئۆکرانیا بە زوترین کات بەپێی بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکاتهوه.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، لەمبارەوە رایگەیاند کە ئەو لەشکرکێشییە نوێنەرایەتی “سوکایەتیکردنە بە ویژدانی بەکۆمەڵمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەری دەرئەنجامەکانی پەرەسەندنی ململانێکان مەترسییەکی ڕون و ئێستایە”، ئاماژەی بە “هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ” بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و چالاکییە سەربازییەکانی “نابەرپرسیارانە” لە دەوروبەری وێستگە ئەتۆمییەکان.