هونەرمەند شڤان پەروەر کامپینی هاوکاری بۆ قوربانییانی بوومەلەرزە راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
شڤان پەروەر، هونەرمەندی کورد، کامپینێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ قوربانی و لێقەوماوانی بوومەلەرزەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
شڤان پەروەر، ڤیدیۆیەکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، کامپینەکەی لە رێگەی دەزگای میوزیکی و هونەری شڤان پەروەر دەکرێت، هیوای ئەوەی خواست هاونیشتمانییان لە رێگەی کامپینەکەوە هاوکاری پێشکەشبکەن.
سەرەڕای ئەوەی هونەرمەندەکە سوپاسی خەڵكی چوار پارچەی کوردستان دەکات کە لە هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزە هاوکار بوون، دەڵێت: “بڕواتان هەبێت هەر هاوکارییەک بگاتە دەستی ئێمە و ئەوەی لە دەستی ئێمەدا هەیە، دەیگەیێنینە میللەتی خۆمان، هاوکاری لە ئێوە، خەبات و خزمەت لە ئێمەوە”.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریای هەژاند، 50 هەزار کەسی تێپەڕاند، کە زیاتر لە 43 هەزاریان لە باکووری و کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.