هه‌سه‌ده ده‌ستگیركردنی دوو ئه‌ندامی داعشی له ره‌ققه راگه‌یاند
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
رۆژی سێ شه‌ممه، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌ستگیركردنی دوو ئه‌ندامی رێكخراوی داعشیان له شاری ره‌ققه‌ی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا راگه‌یاند.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی هه‌سه‌ده له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، به هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، یه‌كه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری سه‌ر به هه‌سه‌ده، له دوو پرۆسه‌ی جیاوازدا، دوو ئه‌ندامی داعشیان له شاری ره‌ققه‌و گونده‌ی سه‌لحه‌بیه‌ی رۆژئاوای گونده‌واره‌كه‌ی ده‌ستیگركرد.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ردوو ئه‌ندامه‌كه چالاكبوون له گه‌یاندنی زانیاری هه‌واڵگری بۆ شانه‌كانی داعش و هاوكاریكردنیان له ئه‌نجامدانی په‌لاماره تیرۆرستییه‌كان.
ماوه‌یه‌كه چالاكییه‌كانی داعش له ناوچه‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا په‌ره‌ی سه‌ندووه، دوێنی دووشه‌ممه، چه‌كدارنی هێرشیان كردبوو سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێكی بیره نه‌وتییه‌كان له شارۆچكه‌ی “سور” له دێره‌زوور، پاش ئه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردبوو، بۆ پێدانی 10 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی به رێكخراوه‌كه به ناوی زه‌كات.
هه‌روه‌ها رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی رابردوو، داعش به‌رپرسیارێتی راگه‌یاند له به‌ئامانجكردنی شه‌رڤانێكی هه‌سه‌ده له شارۆچكه‌ی ئه‌بو حه‌مامی رۆژئاوای دێره‌زوور.