دانیشتوانی عەفرین لەترسی دزیکردن لە نزیک ماڵەکانیان خێمەیان هەڵداوە
عەفرین – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە دانیشتوانی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، لە چەند گەڕەکێکی ناو شارەکە و نزیک ماڵەکانیان خێمەیان هەڵداوە، پاش ئەوەی کە دزی لە هەندێک ماڵی ناوچەکە کرابوون.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ژمارەیەک لە دانیشتووانی عەفرین لە ترسی دزیکردن لەمالەکانیان کە بەهۆی پاشماوەکانی بومەلەرزەوە چوڵیان کردبوو، لەسەر ڕێگا و گۆڕەپانەکان و نزیک ماڵەکانیان خێمەیان هەڵداوە بۆ ئەوەی ئاگاداری کەل و پەلەکانیان بن بەو پێیەی کە لەچەند رۆژی رابردوودا دزی لە چەندین ماڵی ئەو ناوچەیە کرابوون.
رۆژی دووشەممە، بوومەلەرزەیەکی نوێ بە گوڕی 6.4 پلە ناوچەکەی گرتەوە و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی سوریا.
ئەو بوومەلەرزەیە بووەتە هۆی داڕمانی دوو باڵەخانە کە پێشتر چوڵ کرابون لە دانیشتووان و هەروەها ڕوخانی منارەی مزگەوتێکی شارۆچکەی جیندێرس لە گوندەوارەکانی عەفرین.