دەرەنجامی سەرەتایی بومەلەرزە نوێکەی سوریا.. سێ گیانلەدەستدان و دەیەها بریندار
دیمەشق – نۆرس پرێس
بە گوێرەی داتاکانی بەشی بەدواداچوون و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس، دوێنێ لە سوریا بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەوە کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ناوچە جیاجیاکانی سوریای گرتەوە، 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 339 دیکەش برینداربوون.
حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەسەر ناوچەکانی حکومەتی سوریادا دابەشکراون، لە حەڵەب یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان و هەمان ژمارەی لە حەمات و سەفیتە لە گوندەواری تەڕتووس تۆمارکراون، هاوکات بریندارەکان بەسەر ئەم ناوچانەدا دابەشوون:
لازقییە و تەڕتووس 124، حەڵەب 43 و لە حەمات 124 بریندار تۆمار کراون.
ئەم بوومەلەرزە نوێیە دوای 15 رۆژ لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی هات کە بە گوڕی 7.8 پلە ناوچەکەی گرتەوە، زیاتر لە 50 هەزار گیانلەدەستدان و سەدان هەزار برینداری لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە وێرانکردنی سەدان باڵەخانە لە سوریا و تورکیا.
لە باکوری رۆژئاوای سوریا زیاتر لە 190 کەس لە کاتی بوومەلەرزەکەدا بەهۆی کەوتنی بەرد و پارچەی سەقف و خانوەکان بەسەریاندا یان بازدان لە باڵەخانە بەرزەکانەوە برینداربوون، ئەوەش بەپێی راپۆرتی بەرگری شارستانی سوریا.
بەرگری شارستانی زیاتر لە 150 برینداری لە گوندەواری ئیدلب و 45 بریندار لە گوندەواری حەڵەب تۆمار کردووە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیرخواردنی هاوڵاتیانیان لەژێر دار و پەردوودا تۆمار نەکردووە.
بەرگری شارستانی سوریا دەڵێ، بوومەلەرزەکە زیانی بە باڵەخانەکان گەیاندووە، بەهۆی ئەوەی دوو باڵەخانە لەژێر بونیاتناندا و منارەی مزگەوتێک لە شاری جەندەرێس لە عەفرین لە گوندەواری شاری حەڵەب داڕماون.
بەگشتی دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانەدا کێشابوو، کە زۆرینەیان لە ترسی داڕمانی باڵەخانە زیانپێگەشتووەکانیان بەهۆی بوومەلەرزەی پێشووەوە، پەنایان بۆ ناوچە کراوەکان و شەقامەکان برد.