پاش دوو هه‌فته له بومه‌له‌رزه‌كان.. هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی ده‌گاته هه‌ردوو گه‌ره‌كی ئه‌شره‌فییه‌و شێخ مه‌قسود له حه‌له‌ب
حه‌له‌ب- نۆرس پرێس
رۆژی دوو شه‌ممه، نۆ بارهه‌ڵگری هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی گه‌یشتنه زیان لێكه‌وتووانی بۆمه‌له‌رزه‌كان له هه‌ردوو گه‌ره‌كی ئه‌شره‌فییه‌و شێخ مه‌قسود له حه‌له‌ب، له پاش دوو هه‌فته له بومه‌له‌رزه وێرانكه‌ره‌كه‌ی رۆژی 6 شوبات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی خۆجێی به نۆرس پرێسی راگه‌یاند، نۆ بارهه‌ڵگری هاوكاری مرۆیی گه‌یشتونه‌ته هه‌ردوو گه‌ره‌كی ئه‌شره‌فییه‌و شێخ مه‌قسود.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كاروانه‌كه به یاوه‌ری تیمه‌كانی مانگی سووری سوریا گه‌یشتنه هه‌ردوو گه‌ره‌كه‌و، هاوكارییه‌كان بریتیین له خێوه‌ت و دۆشه‌ك و به‌تانی و كه‌ره‌سته‌ی جێشتخانهو پۆشاك.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، بارهه‌ڵگری دیكه‌ی هاوكاری، چاوه‌روانی ئه‌وه‌ن بچنه نێو ئه‌و دوو گه‌ره‌كه، به‌ڵام هێشتا مۆڵه‌تیان پێ نه‌دراوه.
لیژنه‌ی هاوكاری ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، مانگی سووری سوریا به‌ڵێنی داوه به رێگه‌دان به چوونه ژووره‌وه‌ی 21 بارهه‌ڵگری هاوكاری مرۆیی بۆ ئه‌و دوو گه‌ره‌كه‌ی شاری حه‌له‌ب.