بایدن بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەشتە کیێڤ و لە چەند دیمەنێکدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، دەرکەوت کە هاتبوو بۆ پێشوازیی لێدەکردنی.

 سەردانەکەی بایدن لە کاتێکدایە، رۆژی 24ی شووبات دەبێتە ساڵێکی تەواو کە روسیا دەستپێکی جەنگی راگەیاند و هێرشی کردە سەر ئۆکراینای دراوسێی.

ئەمەش دەبێتە یەکەمین سەردانی بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا.

لەدوای گەیشتنی بە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، بایدن لە تویتێکدا نووسی، “لە کاتێکدا لە ساڵیادی لەشکرکێشیی دڕندانەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نزیک دەبینەوە، ئەمڕۆ لە کیێڤم بۆئەوەی لەگەڵ سەرۆک زیلینسکی کۆببمەوە و پابەندبوونی تەواومان بە دیموکراسی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیاوە دووپات بکەمەوە.”

بایدن دەشڵێت، کاتێک ساڵێک لەمەوبەر “پووتین هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، وایزانی ئۆکراینا لاوازە و رۆژئاوا دابەش بووە”، بەڵام بە گوتەی ئەو، پووتین “زۆر هەڵە بوو.”

هاوکات دەشڵێت، ئەو پاڵپشتییەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بە ئۆکراینا دەیدەن، “بەردەوام دەبێت.”