هەزارەها هاوڵاتیانی سوریا لە تورکیاوە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، کارگێڕی دەروازەی سنووریی باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا لە ئیدلب رایگەیاند، ژمارەی ئەو سووریانەی لە پارێزگا زیانلێکەوتووەکانی تورکیاوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان بۆ 7543 کەس بەرزبووەتەوە.

دەروازەی باب ئەلهەوا کاتژمێر شەشی ئێوارەی دوێنێ بڵاوکراویکردەوە، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە لە پێنجەمین رۆژی مۆڵەتی تەرخانکراو بۆ ئەو سورییانەی کە کارتی پاراستنی کاتییان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی تورکیا هەیە، تەنها لە ئێوارەی دوێنێدا گەیشتە 754 کەس.

بەگوتەی کارگێڕانی دەروازەکە، لە ماوەی پێنج رۆژدا ژمارەی گەڕاوەکان گەیشتووەتە 7543 کەس لە دوای راگەیاندنەکەی حکومەتی تورکیا کە ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە ماوەی شەش مانگ مۆڵەتی گەڕانەوەیان بۆ سوریا پێدراوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەروازەکانی سوریا.

سەڕەڕای ئەوەی پەنابەرانی سووری ترسیان لەوە هەیە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە رێگەیان پێنەدرێت بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لەو وڵاتە، بەڵام هەزاران کەس خۆویستانە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی