بومەلەرزە خوێندن لە 27 قوتابخانەی حەما دەوەستێنت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی دووشەممە یەحیا مونجید، بەڕێوەبەری پەروەردەی حەما ڕایگەیاند، لە ئەنجامی دروستبوونی درز لە بینای قوتابخانەکاندا 27 قوتابخانەی پارێزگای حەما دەستیان بە پرۆسەی خوێندن نەکردووەتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکانی حەما دەستیپێکردوەتەوە بەڵام خوێندن لە 27 قوتابخانەی سنوری ئەو شارە وەستاوە و هێشتا دەستیان پێنەکردووەتەوە لەوانەش ئەو قوتابخانانەی لە ناوچەکانی وەکو سوران، سەلمیە، سەلحب، سوقەیلەبیە، مەحرادە و مەسیاف، و گوندەوارەکانی ناوچەکە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی نیمچە فەرمی، مونجید ئاماژەی بەوەداوە کە سەرپەرشتیاری کۆمەڵگە پەروەردەییەکان لەو ناوچانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە ئەرکی دەستنیشانکردنی قوتابخانەی بەدیلیان داناوە بۆ ئەوانەی کە زیانیان بەرکەوتووە تا ئەوکاتەی کە نۆژەن دەکرێنەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەکان ئاشکرا بکات.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، مەحمود زەنبوعە قایمقامی حەما ڕایگەیاند بەهۆی بوومەلەرزەکەوە نزیکەی 7 هەزار و 150 ماڵ و 256 قوتابخانە و 116 بینای حکومی زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش وەک ئامارێکی سەرەتایی لە پارێزگاکەدا.
لەکۆتاییدا مونجید ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بەشی چاککردنی قوتابخانەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی چاککردنی پێویست بۆ بینای ئەو قوتابخانانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.