روسیا: چوار فڕۆکەی ئێف-16 ئیسرائیلی لە پشت هێرشەکەی دیمەشقەوەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی روسیا لە سوریا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، بە چوار فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 ئەنجامدراون.

هێرشەکە لە چواردەوری پایتەختی سوریا لە بەرەبەیانی 19ی شوباتدا ئەنجامدرا، کە چوار فڕۆکەی جەنگی ئێف-16ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە هەستان بە ئەنجامدانی هێرشەکە، بە گوتەی گۆرینۆڤ.

ئەو بەرپرسە روسییە گوتی، هێرشەکە بووەتە هۆی وێرانکردنی باڵەخانەی پەیمانگای تەکنیکی هونەرە پراکتیکییەکان و ناوەندی رۆشنبیری لە ناحیەی کفرسوسە لە دیمەشق.

سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، گۆرینۆڤ پشتی بە زانیاریی دیکە بەستووە کە پێشتر لایەنی سوری بڵاویکردبوونەوە، رایگەیاندووە کە “ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل” بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی 15 ی دیکە.

بۆردومانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەدا دووهەمین بۆردومان بووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە و یەکەم بۆردوومانە لە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەوە.

پاش بۆردوومانەکە، هەریەکە لە تاران و دیمەشق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد، داوای هەڵوێستی نێودەوڵەتییان کرد بۆ راگرتنی ئەوەی کە بە “دەستدرێژی” بۆ سەر خاکی سوریا ناوزەدیان کرد.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: هۆزان زوبەیر