هەولێر – نۆرس پرێس
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 58 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 50 سەنت بەرزبووەتەوە بە 76 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت لە کاتێکدا ئەمڕۆ بەرزدەبێتەوە کە هەفتەی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوت و بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمەریکا بە رێژەی 4٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندووە کە بە بڕی 26 ملیۆن بەرمیل نەوتی ستراتیژی خۆی لە بازاڕدا دەفرۆشێت.
بانکی ناوەندیی چین رایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە کەرتی خانووبەرەی وڵاتەکەی دەکات و بەو هۆیەشەوە گەشبینی دروستبووە کە کەرتی خانووبەرەی ئەو وڵاتە خۆی دووربگرێت لە سستبوونەوە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی چین دادەنێت.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (CMC Market) رایگەیاند، ” پێشبینی دەکرێت خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2023 دا بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی”.