دەزگای خێرخوازیی بارزانی: زیاتر لە 110 هەزار خێزان لە هاوکارییەکانی بومەلەرزە سوودمەند بوون
هەولێر – نۆرس پرێس
دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 110 هەزار خێزان لە هاوکارییەکانیان سوودمەند بوون، کە 33 هەزار خێزانیان لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوونە، راشیانگەیاند کە لە گەیاندنی هاوکاری بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی تورکیا و باکوور و رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو دوێنی 18ـی شوباتی 2023، لەو ناوچانەی هاوکاریی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتیان کردووە، 110 هەزار و 826 خێزان لێیان سوودمەند بوون.
دزەگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، 13 بارهەڵگری دیکەیان گەیشتووەتە باکوور و رۆژئاوای کوردستان کە کەرەستەی جیای تێدایە و ئامادەکراون بۆ دابەشکردن.
بەگوێرەی نوێترین ئامار، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا لە باکووری کوردستان و تورکیا 40 هەزار و 642 کەس گیانیان لەدەستداوە و 108 هەزار و 68 کەسیش برینداربوون. هەروەها بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سووریا و رۆژئاوای کورستانیش زیاتر لە 5 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.