دوو موشەک بەر بنکەیەکی ئەمریکی کەوتن لە رۆژئاوای کوردستان

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هێرشێکی مووشەکیی بۆسەر بنکەیەکیان لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

سوپای ئەمەریکا لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 20:28 خولەکی شەوی دوێنێ شەممە، دوو مووشەک لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان “لە گوندی سەوز لە رۆژئاوای کوردستان” کەوتنەخوارەوە.

بەگوێرەی راگەێنراوەکەی سوپای ئەمریکا، بۆردومانەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێنەکەوتووەتەوە.

ئاماژەشیان بەوەشکرد، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، سوپای ئەمریکا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی راگەیاند کە بەسەر کێڵگەی کۆنیکۆدا دەسوڕایەوە لە گوندەواری دێرەزوور لە باکووری سوریا، کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لێیە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: دڵسۆز یوسف