هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، جاگان چاپاگەین، سکرتێری گشتیی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات کە بەشێکی زۆری ناوچەکانی سوریای گرتەوە، رەنگە پەتا و نەخۆشیی مەترسیدار لەو ناوچانە بڵاوببێتەوە، ئەگەر هاوکاری مرۆیی بەخێرایی نەگاتە ئەو ناوچانەی زیانیان پێگەیشتووە.
ئەو بەرپرسەی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەو پەناگە کاتییانەی دروستکراون بۆ ئەو سەدان خەڵکەی بەهۆی بوومەلەرزەوە دەربەدەربوون، بەبێ ستسمی گەرمکردنەوە، سوودیان نابێت و پێویستە بەشێوەیەکی خێرا ئەو خێزانانە شوێنێکی گونجاوی مانەوەیان بۆ دابین بکرێت.
ئەو بەرپرسە هۆشداریی دەدات و دەڵێت،” ئەو خەڵکە هێشتا لە ژووری زۆر ساردی قوتابخانەکاندا دەژین و ئەگەریش ئەو دۆخە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، دەرئەنجامی خراپی تەندروستی لێدەکەوێتەوە.”
هەروەها هۆشداریشیدا کە بەهۆی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە لەسەر ژێرخانی شارەکە، رەنگە شەپۆلێکی دیکەی بڵاوبوونەوەی پەتای مەترسیدار سەرهەڵبدات.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای بوومەلەرزەکە، زۆر لە گەڕەکەکانی شاری حەڵەب چۆڵکراون و زۆربەی دانیشتووانەکەی روویان لە گوندەکانی دەوروبەری شارەکە کردووە.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، نزیکەی 5 ملیۆن و 300 هەزار کەس لەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێیداون، بێ ماڵ بمێننەوە ئەگەر شوێنێکی گونجاوی مانەوەیان بۆ دابین نەکرێت.