سەرکردەی حەشدی شەعبی لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبوەووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، فالح فەیاز، سەرکردەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا کۆبووەوە و پەیامی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی پێگەیاند.
لە پەیامەکەدا سودانی سەرەخۆشی لە ئەسەد و گەلی سوریا کردووە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە هەموو تواناکانیەوە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی پاشکەوتەکانی بوومەلەرزەکە لەسەر وڵاتەکە.
فەیاز ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلی عێراق، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، لە ساتەکانی یەکەمی کارەساتەکەوە تەواوی وزەی خۆیان بۆ دابینکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و فریاگوزارییەک بۆ براکانیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا کۆکردەوە، رۆژانە بەردەوامن لە ناردنی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی ئەم کارەساتە.
پێشتر وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاندبوو کە بە هەزاران تەن خۆراک و پێداویستی دیکە رەوانەی سوریا دەکرێن.