ژمارەی گیانلەدەستدان بە بومەلەرزەکەی تورکیا 36 هەزاری تێپەڕاند
هەولێر – نۆرس پرێس
بەگوێرەی دوایین ئامار کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا – ئافاد بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە 10 پارێزگای وڵاتەکەدا 36187 کەس گیانیان لەدەستداوە و 108068 کەسیش بریندارن.
ئافاد ئاماژەی بەوەش کردووە، تائێستا 216 هەزار و 347 زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکەی مەرەش گوێزراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە، هەروەها لەدوای بوومەلەرزەکەی 6ی شووبات، کە پارێزگای مەرەش چەقەکەی بوو، تائێستا 4323 لەرینەوە لە ناوچەکەدا تۆمار کراون.
رۆژی 6ی شووباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند، ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارانیش تائێستا لەبەرزبوونەوەدان.
سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەدا، گەڕان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە و هیواکان بۆ رزگاربوونی ئەوانەی لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە کەمترە.