داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە سێهەم هێرش بۆسەر هێزە عێراقییەکان راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سوپای عێراق راگەیاند، ئەمەش سێیەم ئۆپەراسیۆنە کە رێکخراوەکە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لەئەستۆی بگرێت.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەندامانی رێکخراوەکە بۆمبێکی چێنراویان بە ئۆتۆمبێلێکی “هەمەر”ی سوپای عێراقیدا لە نزیک دەریاچەی “حەمرین” لە دەڤەری دیالە لە عێراق، تەقاندوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە تەقینەوەکە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون.
پێشتریش شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی رێکخراوەکە لەگەڵ کاروانێکی هاوبەشی هێزەکانی دژە تیرۆری سوپای عێراقی لە نزیک ناوچەی “تابی” لە باکووری بەغدا، روویداوە و لە ئەنجامدا سەربازێکی کاروانەکە گیانیلەدەستدا، بە گوتەی “ئەعماق”.
بەرلەوەش ئاژانسەکەی نزیک لەداعش رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر هێزەکانی “حەشدی عەشایەری” سەر بە سوپای عێراق لە نزیک بیابانی حەدیسە لە رۆژئاوای ئەنبار ئەنجامداوە و ئەندامێکی ئەو هێزانە بریندار بووە و زیانی ماڵیی لێکەوتووەتەوە.
لەبەرامبەردا، دوێنێ چوارشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە عێراق کوژرانی 12 ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای بەغدا راگەیاند.