خۆسەری ئاسانکاریی بۆ دەربازبوونی 145 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی دەکات
رەققە – نۆرس پرێس
بەرێوەبەراتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ئاسانکارییان کردووە بۆ چوونە ژوورەوەی 145 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکاریەکانیش بۆ ناوچەکانی ناوخۆ و ڕۆژئاوای سوریاش رویشتوون.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، بەرێوەبەراتی خۆسەر کردنەوەی سەرجەم دەروازەکانی بەڕووی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاند، هەروەها ئاشکراشیکرد کە دوو کاروانی هاوکاری لە ڕێگەی دەروازەی ئوم جەلود لە منبەج چوونەتە باکووری سوریا.
بەرێوەبەراتی خۆسەر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، کە ئەمڕۆ کارئاسانیان بۆ تێپەڕاندنی 60 بارهەڵگر لە دەروازەی ئوم جەلود و 85 بارهەڵگری تر لە دەروازەی عەون ئادادات کردووە.
بەرێوەبەراتی خوسەر ئاماژەی بەوەشدا، هاوکارییەکان لەلایەن خەڵک و عەشیرەتەکانی رۆژئاوای کوردستان پێشکەش دەکرێن.