حکومەتی سوریا ئەنجامی کۆتایی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەی وڵاتەکەی راگەیاند

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

 ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، حکومەتی سوریا ژمارەی کۆتایی  قوربانی و بریندارانی بوومەلەرزەی ناوچەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە گەیشتووەتە سێ هەزار و حەفسەدو حەفتاو یەک کەس.

حەسەن غوباش، وەزیری تەندروستی سوریا ڕایگەیاند، ژمارەی کۆتایی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی کە سوریای گرتووەتەوە، گەیشتووەتە هەزار و چوارسەدو چواردە کەس کە گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و سێسەدو پەنجاو حەوت کەسی تریش بریندار بوون.

غوباش ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی فریاگوزاری سەرەتایی و وەڵامدانەوەی پزیشکی کاری زۆریان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە هەموو قوربانییەکان و لە ژێر داروپەردووەکاندا رزگاربکەن و بریندارەکانیش بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

 ناوبراو ڕاشیگەیاند کە هەموو خزمەتگوزارییە فریاگوزاری و پزیشکیەکانیان پێشکەش کراون و هەماهەنگیش لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

 بوومەلەرزەکە لە شەشی شوباتدا ناوچەیەکی بە فراوانی سوریای گرتەوە، پروسەی گەڕان و ڕزگارکردن و لابردنی داروپەردوو بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوامی هەبوو تا خەڵکێکی زۆر رزگاربکەن.

 ئامادەکردن و دارشتنەوە: قەیس عەبدولڵا